سیاسەتی تایبەتمەندی قەرزیی

بەرواری کارپێکردن: 2026-11-20

ئەم سیاسەتە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەپی قەرزیی (Qarzee) و ماڵپەڕی qarzee.com چ زانیارییەک کۆ دەکەنەوە، بۆچی بەکاری دەهێنن، لەگەڵ کێ هاوبەشی دەکەن، و تۆ چ مافێکت هەیە.

قەرزیی لەلایەن Awatechەوە بەڕێوە دەبرێت، کە لە عێراق تۆمار کراوە، ناونیشان: شەقامی ٦٠ مەتری، بورجی Erbil One، هەولێر، عێراق. لەم پەیجەدا «ئێمە» واتە ئەو کۆمپانیایە.


١. قەرزیی چییە

قەرزیی شوێنێکی هاوبەشە بۆ تۆمارکردن و بەدواداچوونی قەرز لە نێوان دوو کەس. قەرزیی پارە ناگوازێتەوە و پارەی کەس هەڵناگرێت. تەنها تۆمار و بیرخستنەوەیە.

هەردوو لا لەسەر هەموو قەرزێک و پارەدانەوەیەک ڕازی دەبن، جگە لە تۆماری یەکلایەنە کە هەژمارێکی بازرگانی دەربارەی کڕیارێک هەڵیدەگرێت کە قەرزیی بەکارناهێنێت (بڕوانە بەشی ٢-ب). ڕەزامەندی یان بە پەسەندکردنی تۆمارەکەیە، یان بەو ڕێکخستن و کارانەی کە خۆت هەڵیان دەبژێریت، بۆ نموونە سکانکردنی QRی پارەدان، یان ڕێگەدان بە کەسێک کە لە قەرزی کراوەدا بەبێ پرسیاری هەموو جارێک قەرز زیاد بکات.


٢. چ زانیارییەک کۆ دەکەینەوە

ا. زانیاری هەژمار

  • ناو، ناوی بەکارهێنەر (username)، و وێنەی پڕۆفایل ئەگەر دایبنێیت.
  • جۆری هەژمار: کەسی یان بازرگانی. ئەگەر داوای هەژماری بازرگانی بکەیت: ناوی کارەکە، بوارەکەی و ئەو بەڵگەنامەیەی دەینێریت (وەک وێنەی مۆڵەتی بازرگانی). تەنها تیمەکەمان بەڵگەنامەکە دەبینێت.
  • ئیمەیڵ و/یان ژمارەی مۆبایل.
  • وشەی نهێنی، کە تەنها بە شێوەی شیفرەکراو (hash) هەڵدەگیرێت و هیچ کەسێک ناتوانێت بیخوێنێتەوە.
  • ئەگەر بە Google بچیتە ژوورەوە: ناسنامەی هەژماری Google و ئیمەیڵەکەت. وشەی نهێنیی Googleت هەرگیز نابینین.
  • ئەگەر بە Apple بچیتە ژوورەوە: ناسنامەی هەژماری Apple و ئەو ئیمەیڵەی Apple پێمانی دەدات (ئەگەر «Hide My Email» هەڵبژێریت، ئیمەیڵێکی شاراوەیە). وشەی نهێنیی Appleت هەرگیز نابینین.
  • زمان، ڕووکار (لایت/دارک)، دراوی بنەڕەتی، ڕۆژی مووچە، و ڕێکخستنەکانی ئاگادارکردنەوە و تایبەتمەندی.

ب. زانیاری قەرزەکان

  • ئەو قەرزانەی تۆمار دەکەیت یان بەشێکیت لێیان: بڕ، دراو، بەروار، ناونیشان، تێبینی، خشتەی قیست، پارەدانەوەکان، خاتر، پەیمانی پارەدان، داواکانی گۆڕین، و مێژووی هەموو ئەو کارانە.
  • هەڵبژاردنەکانت لە قەرزی کراوەدا، وەک ئەوەی ئایا کەسێک دەتوانێت بەبێ پەسەندکردنی تۆ قەرزت لەسەر بنووسێت.
  • ئەو وێنانەی لەگەڵ قەرز یان پارەدانەوە دایدەنێیت (یەک وێنە بۆ هەر تۆمارێک). پێش هەڵگرتن، زانیاری شوێن (GPS) و هەموو زانیارییە شاراوەکانی وێنە دەسڕینەوە.
  • ئەو کەسانەی هێشتا لە قەرزیی نین: کاتێک کەسێک بانگهێشت دەکەیت کە هەژماری نییە، تەنها ئەو ناوەی بۆی دەنووسیت و کۆدێکی بانگهێشت هەڵدەگرین. بۆ بانگهێشت ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵی ئەو کەسە کۆ ناکەینەوە. ئەو ناوە تەنها بۆ خۆت دیارە.
  • ئەو کڕیارانەی بازرگانییەک کە قەرزیی بەکارناهێنن: هەژمارێکی بازرگانی دەتوانێت ناو و ژمارەی مۆبایلی کڕیارێک تۆمار بکات، تۆماری یەکلایەنەی دەربارە هەڵبگرێت (قەرز، قیست، پارەدانەوە و خاتر کە کڕیار لە ئەپدا پشتڕاستی نەکردوونەتەوە)، و ئەگەر کڕیار لە دوکاندا ڕازی بێت، ئیمزاکەی کە بە پەنجە لەسەر شاشەی بازرگانییەکە کراوە لەگەڵ کاتەکەی. ناوەکە ناوی خودی بازرگانییەکەیە بۆ کڕیار و تەنها بۆ ئەو بازرگانییە دیارە. هەر ژمارە مۆبایلێک تەنها یەک جار، بە شیفرەکراوی، هەڵدەگرین و هەرگیز بۆ ناردنی نامە بۆ کڕیار بەکاری ناهێنین. بازرگانییەکە بەرپرسە لە دروستیی ئەوەی تۆماری دەکات.

ج. هاوڕێکان و QR

  • لیستی هاوڕێکانت، داواکارییەکانی هاوڕێیەتی، و ئەو کەسانەی بلۆکت کردوون.
  • کۆدێکی تایبەت بۆ QRی هەژمارەکەت، کە هەر کاتێک بتەوێت دەتوانیت نوێی بکەیتەوە.
  • ئەو QRانەی پارەدان کە دروستیان دەکەیت: قەرزەکە، بڕەکە، و کاتەکە. دوای ماوەیەکی کورت بەسەر دەچن و تەنها یەک جار بەکاردێن.

د. زانیاری تەکنیکی

  • تۆکنی ئاگادارکردنەوە (بۆ ناردنی Push)، جۆری مۆبایل (Android/iOS)، وەشانی ئەپ، و ژمارەی ئاگادارکردنەوە نەخوێنراوەکانت (بۆ پیشاندانی ژمارەکە لەسەر ئایکۆنی ئەپ).
  • ئامێر و سێشنە چالاکەکانت، کاتی دوایین بەکارهێنانیان، و ئەو ناوانەی خۆت بۆ ئامێرەکانت دایدەنێیت. تۆمار دەکەین بە کام ئامێرت هەر کارێکت لەسەر قەرزێک کردووە. ناوی ئامێرەکانت تەنها بۆ خۆت دیارە.
  • ناونیشانی IP لە لۆگی سێرڤەردا، بۆ ئاسایش و ڕێگرتن لە خراپ بەکارهێنان.
  • ڕاپۆرتی تێکچوونی ئەپ (Crash reports): جۆری مۆبایل، وەشانی سیستەم، و وردەکاری تەکنیکیی هەڵەکە. ناو، ژمارە، و بڕی پارە تێیدا نانێردرێن.
  • کۆدەکانی پشتڕاستکردنەوە (OTP)، کە تەنها بە شێوەی شیفرەکراو و بۆ ماوەیەکی کورت هەڵدەگیرێن.
  • زانیاری بەکارهێنان: ئەو ڕۆژانەی ئەپەکە بەکاردێنیت، و هەنگاوە سەرەکییەکان (وەک یەکەم هاوڕێ یان یەکەم قەرز). ئەمە تەنها لە سێرڤەرەکانی خۆمان هەڵدەگیرێت و بە کۆی گشتی شیکاری دەکرێت.
  • ئەگەر بە لینک یان کۆدی بانگهێشتی کەسێک هاتبیت، ناوی ئەو کەسە. و ئەگەر وەڵامی پرسیاری «چۆن قەرزییت ناسی؟» بدەیتەوە، وەڵامەکەت.

هـ. ئەو زانیارییانەی لەسەر مۆبایلەکەت هەڵدەگیرێن

  • کاتێک ئینتەرنێتت نییە، ئەو کارانەی دەیکەیت لەسەر مۆبایلەکەت هەڵدەگیرێن تا دەتوانرێت بنێردرێن بۆ سێرڤەرەکانمان.
  • ئەگەر Widgetی قەرزیی بخەیتە سەر شاشەی سەرەکی، کۆی بڕەکانت لەسەر مۆبایلەکەت هەڵدەگیرێن بۆ پیشاندان. ئەگەر بڕەکان بشاریتەوە یان قفڵی ئەپ چالاک بکەیت، Widgetەکە هیچ بڕێک پیشان نادات.
  • ئەگەر زیاتر لە یەک هەژمار لەسەر هەمان مۆبایل بەکاربهێنیت، زانیاریی هەر هەژمارێک جیا هەڵدەگیرێت، و چوونەدەرەوە لە هەژمارێک تەنها زانیاریی ئەو هەژمارە دەسڕێتەوە.
  • کاتێک لە هەژمارەکەت دەچیتە دەرەوە، ئەم زانیارییانە لە مۆبایلەکەت دەسڕدرێنەوە.

و. پشکنین دژی خراپ بەکارهێنان

  • نابێت قەرزیی بۆ حەواڵە، گواستنەوەی پارە یان ئاڵوگۆڕی دراو بەکاربهێنرێت. ئەو دەقانەی دەینووسیت (وەک ناونیشانی قەرز، تێبینی، ناو و لێدوان) بە شێوەی ئۆتۆماتیکی بۆ ئەو وشانە دەپشکنرێن کە پەیوەندییان بەم بەکارهێنانانەوە هەیە. دەقێک کە وشەیەکی قەدەغەی تێدابێت ڕەت دەکرێتەوە، و هەوڵەکە تۆمار دەکەین (هەژمارەکە، خانەکە، کات و دەقەکە)؛ هەندێک وشە ڕێگەپێدراون بەڵام بۆ تیمەکەمان تۆمار دەکرێن.
  • سەیری شێوازی چالاکی دەکەین (بۆ نموونە زۆر قەرز یان کەسی نوێ لە ماوەیەکی کورتدا) بۆ دۆزینەوەی خراپ بەکارهێنانی ئەگەری. هەژمارێک کە بەم شێوەیە نیشان کرابێت، یان بەکارهێنەرێکی تر سکاڵای لەسەر کردبێت، لەوانەیە تیمەکەمان پێداچوونەوەی بۆ بکات و قەرزە پەیوەندیدارەکان ببینێت. هیچ بڕیارێک بە شێوەی ئۆتۆماتیکی نادرێت، و نیشانکردن بۆ کەسی تر پیشان نادرێت.
  • ئەگەر کەسێک لە ئەپەکەوە سکاڵا لەسەر تۆ یان لەسەر قەرزێک بکات، سکاڵاکە هەڵدەگرین (هۆکار و لێدوان). پێت ناوترێت کێ ناردوویەتی.

ز. پەیوەندی

  • ئەو نامانەی بۆ پشتگیریمان دەنێریت (ئیمەیڵ یان WhatsApp).

ح. پلان

  • زانیاری پلانەکەت: جۆری پلان، بەرواری دەستپێکردن و کۆتایی، و ژمارەی ئەو کەسانەی قەرزیان پێ دەدەیت (بۆ سنووری پلان). ئەگەر پلانێکت لە دەرەوەی ئەپ کڕیبێت، ڕێگای پارەدان و ژمارەی سەرچاوەکەی تۆمار دەکەین. ژمارەی کارتی بانکی هەڵناگرین.

ئەوەی کۆی ناکەینەوە

  • شوێنی جوگرافیت (Location).
  • لیستی پەیوەندییەکانی مۆبایلەکەت (Contacts).
  • ناسنامەی ڕیکلام. قەرزیی هیچ ڕیکلامێکی تێدا نییە.
  • کامێرا تەنها کاتێک بەکاردێت کە خۆت سکانی QR دەکەیت یان وێنە دەگریت.

٣. بۆچی ئەم زانیارییانە بەکاردێنین

  • بۆ درووستکردن و پاراستنی هەژمارەکەت و چوونەژوورەوە.
  • بۆ پیشاندانی قەرزەکان بە تۆ و بە لایەنی بەرامبەر، و حیسابکردنی باڵانس.
  • بۆ ناردنی ئاگادارکردنەوە و بیرخستنەوەی بەرواری دانەوە، بەپێی ڕێکخستنەکانی خۆت. ئەمە ئەو بیرخستنەوانەش دەگرێتەوە کە لایەنی بەرامبەری قەرزێک بۆت دەنێرێت (ڕۆژی زۆرترین یەک جار).
  • بۆ ناردنی کۆدی پشتڕاستکردنەوە بە ئیمەیڵ، WhatsApp یان SMS.
  • بۆ ئەوەی بتوانیت کەسانێک بانگهێشت بکەیت کە هێشتا لە قەرزیی نین، و کاتێک دێن قەرزەکە بە هەژمارەکەیانەوە ببەسترێتەوە.
  • بۆ ئەوەی بازرگانییەکان بتوانن تۆمار دەربارەی ئەو کڕیارانە هەڵبگرن کە ئەپەکە بەکارناهێنن، و ئەو کەسەی ئەو ژمارە مۆبایلە لە قەرزییدا پشتڕاست دەکاتەوە بتوانێت ئەو تۆمارانە ببینێت.
  • بۆ جێبەجێکردنی سنووری پلانەکان.
  • بۆ ئاسایش: ڕێگرتن لە فێڵ، Spam، و چوونەژوورەوەی بێ ڕێگەپێدان.
  • بۆ ڕێگرتن لە خراپ بەکارهێنان وەک حەواڵە یان گواستنەوەی پارە: پشکنینی دەقەکان، پێداچوونەوە بە هەژمارە نیشانکراو و سکاڵالەسەرکراوەکان، پەسەندکردنی هەژماری بازرگانی، و جێبەجێکردنی سنووری بڕ بۆ هەژماری کەسی.
  • بۆ چاککردنی هەڵەکانی ئەپ و باشترکردنی، و بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەپەکە چۆن بەکاردێت (بە کۆی گشتی، نەک بۆ کەسێکی دیاریکراو).
  • بۆ ناردنی ڕاگەیاندن دەربارەی ئەپەکە. دەتوانیت لە ڕێکخستنەکانی ئاگادارکردنەوەدا بیانکوژێنیتەوە.
  • بۆ وەڵامدانەوەی داواکانی پشتگیری.
  • بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانمان.

هەرگیز زانیارییەکانت نافرۆشین، و بۆ ڕیکلام بەکاریان ناهێنین.


٤. کێ زانیارییەکانت دەبینێت

لایەنی بەرامبەری قەرز

ئەمە بنچینەی قەرزیییە: هەموو زانیارییەکی قەرزێکی هاوبەش (بڕ، بەروار، تێبینی، وێنە، پارەدانەوەکان، خاتر، پەیمانەکان، و مێژوو) بۆ هەردوو لایەنی ئەو قەرزە دیارە. هیچ کەسێکی تر نایبینێت.

یوزەرانی تر

  • ناو، username، وێنەی پڕۆفایل، و جۆری هەژمارەکەت (نیشانەیەکی بچووکی بازرگانی بۆ هەژماری بازرگانی) بۆ ئەو کەسانە دیارە کە بە username دەتگەڕێن یان QRەکەت سکان دەکەن.
  • بە ئیمەیڵ یان ژمارە مۆبایل تەنها کاتێک دەدۆزرێیتەوە کە کەسێک هەمان ئیمەیڵ یان ژمارە بە تەواوی بنووسێت، و خۆت ئەم هەڵبژاردەیەت چالاک کردبێت. دەتوانیت لە ڕێکخستنەکان بیکوژێنیتەوە.
  • ئەگەر کەسێکت بلۆک کرد، ناتوانێت بتدۆزێتەوە.
  • ئەگەر کەسێک بانگهێشت بکەیت کە لە قەرزیی نییە، پەیجی بانگهێشتەکە ناوی ڕاستەقینەی تۆی پیشان دەدات، نەک ئەو ناوەی بۆ ئەوت نووسیوە، و هیچ بڕێکی پارەش پیشان نادات.
  • ئەگەر داوای سڕینەوەی هەژمارەکەت بکەیت، ئەو کەسانەی قەرزیان لەگەڵت هەیە دەبینن کە هەژمارەکەت لە کاتی سڕینەوەدایە و چەند ڕۆژی ماوە.
  • ناوی ئامێرەکانت هەرگیز بۆ یوزەرانی تر پیشان نادرێت.

بازرگانییەکان و ئەو کڕیارانەی ئەپەکە بەکارناهێنن

  • ئەوەی بازرگانییەک دەربارەی کڕیارێک هەڵیدەگرێت کە قەرزیی بەکارناهێنێت (ناو، ژمارە مۆبایل، تۆمارە یەکلایەنەکان و هەر ئیمزایەک) تەنها بۆ ئەو بازرگانییە دیارە. بازرگانییەکانی تر هەرگیز نایبینن، و زیادکردنی ژمارەیەک هەرگیز بە بازرگانییەک نیشان نادات کە ئەو ژمارەیە لە قەرزییدا هەیە یان نا.
  • کاتێک کەسێک ئەو ژمارە مۆبایلە لە قەرزییدا پشتڕاست دەکاتەوە (لە کاتی خۆتۆمارکردن، چوونەژوورەوە بە کۆد، یان زیادکردن یان گۆڕینی ژمارەکەی)، دەتوانێت ئەو تۆمارە یەکلایەنانە ببینێت کە لەسەر ئەو ژمارەیە هەن، بە پێی بازرگانی، و قبوڵیان بکات، بڵێت هی من نییە، یان بە تێبینییەک ناڕەزایی دەرببڕێت. تۆماری یەکلایەنە تا کڕیار قبوڵی نەکات ڕێککەوتنی کڕیار نییە. هیچ شتێک خۆکارانە قبوڵ ناکرێت.
  • تەنها ئەوە دەبینێت کە بۆ بڕیاردان پێویستە: ناوی بازرگانییەکە، جۆر، بڕ، بەروار و هۆکاری هەر تۆمارێک. ئەو ناوەی بازرگانییەکە بۆی داناوە، تێبینی و وێنەکان پیشان نادرێن.
  • ژمارەی دووبارە دابەشکراو: کۆمپانیاکانی مۆبایل هەندێک جار ژمارەی کۆن دەدەنە کەسێکی نوێ. ئەگەر ژمارەیەک پشتڕاست بکەیتەوە، لەوانەیە تۆمارێک ببینیت کە بازرگانییەک بۆ خاوەنی پێشووی ژمارەکە کردوویەتی. «هی من نییە» هەڵبژێرە: تەنها بە بازرگانییەکە دەوترێت کە خاوەنی ژمارەکە دەڵێت ئەم تۆمارە هی ئەو نییە، هەرگیز ناوی تۆ نا.
  • ئەگەر کڕیار ناڕەزایی لەسەر تۆمارێک دەرببڕێت، بازرگانییەکە تێبینییەکە دەبینێت.

دابینکەرانی خزمەتگوزاری

تەنها ئەو زانیارییە دەدەینە ئەم کۆمپانیایانە کە بۆ کارەکەیان پێویستە:

دابینکەر بۆ چی
دابینکەری سێرڤەر (Hosting) هەڵگرتنی داتا و کارپێکردنی سێرڤەر
Google Firebase ناردنی ئاگادارکردنەوەی Push، و ڕاپۆرتی تێکچوونی ئەپ
Google Sign-In چوونەژوورەوە بە Google، ئەگەر بەکاری بهێنیت
Sign in with Apple چوونەژوورەوە بە Apple، ئەگەر بەکاری بهێنیت
Resend ناردنی ئیمەیڵی کۆدی پشتڕاستکردنەوە
دابینکەری نامەی WhatsApp و SMS ناردنی کۆد بۆ ژمارەی مۆبایل، ئەگەر بەکاری بهێنیت

یاسا

لەوانەیە زانیاری ئاشکرا بکەین ئەگەر یاسا یان بڕیارێکی دادگای یاسایی داوای بکات، لەوانە دانی تۆمارەکانی هەژمارێک بە دەسەڵاتداران لە وەڵامی داواکارییەکی یاساییدا.


٥. شوێنی هەڵگرتنی داتا

لەوانەیە سێرڤەرەکانمان و دابینکەرانی خزمەتگوزارییەکانمان لە دەرەوەی عێراق بن، بۆ نموونە لە یەکێتیی ئەوروپا یان ئەمریکا. لە هەموو حاڵەتێکدا، هەمان پاراستن بەکاردێنین کە لەم سیاسەتەدا باس کراوە.


٦. ئاسایش

  • هەموو پەیوەندییەک لە نێوان ئەپ و سێرڤەر بە HTTPS شیفرە دەکرێت.
  • وشەی نهێنی و کۆدەکانی پشتڕاستکردنەوە بە شیفرەکراوی هەڵدەگیرێن.
  • وێنەکان گشتی نین، و تەنها بە لینکێکی کاتی بۆ لایەنەکانی قەرزەکە دەکرێنەوە.
  • QRی پارەدان زوو بەسەر دەچێت، تەنها یەک جار بەکاردێت، و تەنها بۆ لایەنی بەرامبەری ئەو قەرزە.
  • دەرکردنی ئامێرێکی تر، یان چوونەدەرەوە لە هەموو ئامێرەکانی تر، پێویستی بە کۆدێکی یەکجارییە کە بۆ ئیمەیڵ یان ژمارە مۆبایلە پشتڕاستکراوەکەت دەنێردرێت. هەر کاتێک ئامێرێک دەربکرێت، بە ئاگادارکردنەوە و ئیمەیڵ ئاگادار دەکرێیتەوە.
  • دەتوانیت قفڵی ئەپ (PIN یان پەنجەمۆر) چالاک بکەیت، ئامێرەکانت ببینیت و ناویان بگۆڕیت، و لە هەموو ئامێرەکان بچیتە دەرەوە.

هیچ سیستەمێک ١٠٠٪ سەلامەت نییە، بەڵام هەوڵی بەردەوام دەدەین زانیارییەکانت بپارێزین.


٧. ماوەی هەڵگرتن و سڕینەوە

  • زانیارییەکانت تا هەژمارەکەت چالاک بێت هەڵدەگیرێن.

سڕینەوەی هەژمار

  • دەتوانیت لە ناو ئەپ (ڕێکخستن ← سڕینەوەی هەژمار) یان لە qarzee.com/account/delete هەژمارەکەت بسڕیتەوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە خۆتیت.
  • ماوەی ٣٠ ڕۆژ: هەژمارەکەت دەخرێتە ڕیزی سڕینەوە و دوای ٣٠ ڕۆژ خۆکار دەسڕدرێتەوە. لەم ماوەیەدا دەتوانیت وەک ئاسایی بچیتە ژوورەوە و ئەپەکە بەکاربهێنیت، و هەر کاتێک بتەوێت سڕینەوەکە هەڵبوەشێنیتەوە. ئەو کەسانەی قەرزیان لەگەڵت هەیە دەبینن کە هەژمارەکەت لە کاتی سڕینەوەدایە.
  • دوای ٣٠ ڕۆژ:
    • ئیمەیڵ، ژمارە مۆبایل، وێنەی پڕۆفایل، وشەی نهێنی، بەستنەوەی Google و Apple، سێشن، ئامێر، تۆکنەکانی ئاگادارکردنەوە، و ڕێکخستنەکانت دەسڕدرێنەوە.
    • قەرزە هاوبەشەکان بۆ لایەنی بەرامبەر دەمێننەوە، چونکە تۆماری ئەویشن. ناوەکەت لەسەر ئەو قەرزانە دەمێنێتەوە، بە نیشانەی «هەژماری سڕاوە». وێنەکانی سەر قەرزە هاوبەشەکانیش وەک بەڵگەی هاوبەش دەمێننەوە.
    • لایەنی بەرامبەر هێشتا دەتوانێت پارەدانەوە لەسەر ئەو قەرزانە تۆمار بکات، دایانبخات، یان بیانگوازێتەوە بۆ کەسێکی تر (کە دەبێت پەسەندی بکات).
    • بۆ ئەوەی هەمان ئیمەیڵ یان ژمارە بۆ دروستکردنی هەژمارێکی نوێ بەکار نەهێنرێت، پەنجەمۆرێکی شیفرەکراوی یەک‌ئاڕاستە (hash)یان هەڵدەگرین. ئەم پەنجەمۆرە ناگەڕێتەوە بۆ ئیمەیڵ یان ژمارەکەت. ئەگەر دواتر بتەوێت دووبارە خۆت تۆمار بکەیتەوە، پەیوەندی بە پشتگیرییەوە بکە.

هەڵگرتنی تر

  • قەرزێکی سڕاو لە ناو ئەپ بە تەواوی لەناو ناچێت، بەڵکو وەک ئەرشیف و بە شێوەی «تەنها بینین» بۆ هەردوو لا دەمێنێتەوە.
  • بۆ ئەو کەسانەی بانگهێشت کراون و هەرگیز نەهاتوون، ئەو ناوەی نووسیوتە و کۆدی بانگهێشتەکە ٣٠ ڕۆژ دوای بەسەرچوونی بانگهێشتەکە دەسڕدرێنەوە.
  • ئەگەر بازرگانییەک هەژمارەکەی بسڕێتەوە، ئەو ناوانەی بۆ کڕیارە بێ ئەپەکانی داناون لادەبرێن، ئەو تۆمارە یەکلایەنانەی کەس قبوڵی نەکردوون دەسڕدرێنەوە، و ئیمزاکانی سەریان دەسڕدرێنەوە. ئەو تۆمارانەی کڕیار قبوڵی کردوون قەرزی هاوبەشن و وەک هەر قەرزێکی تر دەمێننەوە.
  • تۆماری دەقە پشکنراوەکان، نیشانکردنەکان و سکاڵاکان تەنها ئەوەندە هەڵدەگیرێن کە بۆ ڕێگرتن لە خراپ بەکارهێنان و ئەرکە یاساییەکانمان پێویستە. بەڵگەنامەی کار دەسڕدرێتەوە ئەگەر پێش بڕیاردان داواکەت هەڵبوەشێنیتەوە.
  • لۆگەکانی سێرڤەر و کۆپییە پاشەکەوتکراوەکان (Backup) تەنها بۆ ماوەیەکی سنووردار هەڵدەگیرێن و دواتر خۆکار دەسڕدرێنەوە.

٨. مافەکانی تۆ

  • بینین و ڕاستکردنەوە: زۆربەی زانیارییەکانت لە ناو ئەپ دەبینیت و دەستکارییان دەکەیت.
  • سڕینەوە: وەک لە بەشی ٧دا باس کرا.
  • وەرگرتنی کۆپی: دەتوانیت بە ئیمەیڵ داوای کۆپییەک لە زانیارییەکانت بکەیت.
  • کۆنترۆڵی ئاگادارکردنەوە: هەر جۆرێک لە ئاگادارکردنەوەکان، لەوانە ڕاگەیاندنەکان، دەتوانیت بکوژێنیتەوە.
  • ئەگەر بازرگانییەک ناو و ژمارەکەتی تۆمار کردبێت: ژمارەکەت لە قەرزییدا پشتڕاست بکەرەوە بۆ ئەوەی ئەو تۆمارانە ببینیت، قبوڵیان بکەیت، ڕەتیان بکەیتەوە («هی من نییە») یان ناڕەزایی دەرببڕیت، یان، تەنانەت بێ هەژماریش، بۆمان بنووسە بۆ ڕاستکردنەوە یان سڕینەوەیان.
  • دۆزرانەوە: دەتوانیت دۆزرانەوە بە ئیمەیڵ یان ژمارە بکوژێنیتەوە، و QRەکەت نوێ بکەیتەوە.

بۆ هەر داوایەک: support@qarzee.com


٩. تەمەن

قەرزیی بۆ کەسانی ١٨ ساڵ و سەرووترە. ئەگەر بزانین هەژمارێک هی کەسێکی خوار ١٨ ساڵە، دەیسڕینەوە.


١٠. گۆڕانکاری لەم سیاسەتەدا

ئەگەر گۆڕانکارییەکی گرنگ لەم سیاسەتەدا بکەین، لە ناو ئەپ ئاگادارت دەکەینەوە و بەرواری سەرەوەی پەیجەکە نوێ دەکەینەوە.


١١. پەیوەندی

Awatech شەقامی ٦٠ مەتری، بورجی Erbil One، هەولێر، عێراق ئیمەیڵ: support@qarzee.com ماڵپەڕ: qarzee.com/support